سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سووریامان لەناو شاری دیمەشق بۆردوومان کرد و ئامانجمان گەیاندنی پەیامێک بوو بەو وڵاتە.
رۆژی هەینی 2ـی ئایاری 2025 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر دیمەشق، نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سووریامان کردە ئامانج".
هاوکات بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئامانجی وڵاتەکەیان لەو هێرشە ئاسمانییە خستە روو و گوتیان؛ "ئەو هێرشە پەیامێکی روونە بۆ رژێمی سووریا، ئێمە رێگە بەوە نادەین هێزەکانی سووریا لە باشووری دیمەشق جێگیر بن و مەترسی بۆ گەلی دەروز دروستبکەن".
لە راگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە؛ "فڕۆ جەنگییەکان هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری کۆشکەکەی ئەحمەد شەرع و ناوچەیەکیان بۆردومان کردووە".
ئیسرائیل لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم هێرشی ئاسمانییە بۆ بەرگری لە گەلی دروز دەیکاتە سەر چەکدارانی سووریا و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە روونی دەڵێت؛ "ئێمە رێگە نادەین گەلی دۆست و برای ئێمە "دەروز" لەبەر چاوی ئێمە لەلایەن چەکدارە هەوسار پسێنەکانی سووریاوە لەناو ببرێن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.