Erbil 31°C یەکشەممە 27 ئەیلوول 10:17

ئەمەریکا هەشت کۆمپانیا و بازرگانی چینی و ئێرانی خستە لیستی رەشەوە  

کوردستان TV
100%

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا کۆمەڵێک کۆمپانیا و کەسایەتیی ئێرانی و چینی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پرۆگرامی مووشەکیی ئێران و دابینکردنی کەرەستە سەرەتاییەکانی مووشەکی دوورهاوێژی سوپای پاسداران، خستە ناو لیستی رەشەوە.

 

رۆژی چوارشەممە 30 نیسانی 2025 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ "تۆڕێکی کۆمپانیا و کەسایەتی ئێرانی و چینی کە لە هاوردەکردنی کەرەستە و پێداویستییەکانی وەکو سیدیۆم پۆرکلۆرات و دی ئۆکتایل سیباسات لە چینەوە بۆ ئێران رۆڵیان بینیوە، خرانە نێو لیستی رەشەوە. ئەو مادانە بۆ دروستکردنی سووتەمەنی وشک بۆ مووشەکی دوورهاوێژن.

 

سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ "پەرەپێدانی مووشەکیی و سەرجەم کەرتە سەربازییەکانی دیکەی ئێران ئاسایشی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی خستووەتە مەترسییەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شێواندووە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی بۆ رێگری لە پەرەپێدانی چەکی قورس پێشێل کردووە".

 

بڕیارەکە بەپێی نووسراوی ژمارە 13382 کە بۆ رێگریکردنە لە پەرەسەندنی چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە دەرچووە و پشتی بە بڕیاری ژمارە دووی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی توانای مووشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2007 بەستووە.

 

ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانەی کەوتوونەتە ناو لیستی رەشەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بریتین لە؛ "کۆمپانیای سامان تەجارەت بارما (STB) و کەسێک بە ناوی محەمەد عەسکەری لەناو ئێران و هەروەها کۆمپانیای چینی شینجین ئامۆر لۆجەستیک بە تۆمەتی ناردنی پێداویستی سەرەتایی بۆ سوپای پاسداران.

 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەر بەو دوو کۆمپانیا و بازرگانە نەوەستاوە و هەریەک لە کۆمپانیای دۆنگ یینگ ڤیاین کۆمیکالی چینی و کارخانەی کیمیایی یینگ لینگ چوانشینگێ چینی خستووەتە نێو لیستی رەشەوە و هەریەک لە عابید زەرگەر، حامید و زەهرا زەرگەر کە بەڕێوەبەریی کۆمپانیا ئێرانییەکەیەان کردووە، خراونەتە نێو لیستەکەوە.

 

لە راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە سەرجەم کۆمپانیا و بازرگانەکانی جیهان کە لەگەڵ ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانەی خراونەتە ناو لیستی رەشەوە مامەڵەی بازرگانی نەکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.