Erbil 31°C ھەینی 23 ئایار 10:49

ئەنجومەنی ئاسایش: تیرۆریستان دوو هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر بنکەکانی پێشمەرگە

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا برینداربوونی پێنج پێشمەرگەی لە دوو هێرشی درۆنیی "تیرۆریستان" راگەیاند و دەڵێت؛ " بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە".

 

رۆژی سێشەممە 29ـی نیسانی 2025 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە؛ "دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون".

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی بریندارەکان دەڵێت؛ "بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە".

 

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە؛ "لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن".

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج" و دەشڵێت؛ "هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.