Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 21:59

ئەپیکور: هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بێ ئەنجام بووە

کوردستان TV
100%

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە ئامادەبوونی ئەپیکور بێ ئەنجام بووە و حکوومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەو بوارەدا هەنگاوەکانیان سست و بێ ئەنجامە و دەشڵێت ئەوان لە هەوڵەکانیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ناوەستن.

 

رۆژی یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025 کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" لە راگەیەنراوێکدا باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەکات و دەڵێت؛ هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق سست و بێ ئەنجامن.

 

لە راگەیەنراوەکەی ئەپیکوردا هاتووە؛ "رۆژی 20ـی نیسان کۆمپانیاکانی بواری نەوت و ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور بەشدارییان لە کۆبوونەوەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیاوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتینە رێککەوتن".

 

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێشان دەدات و دەڵێت؛ "کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەستپێبکەنەوە، هەرکاتێک لەسەر بنەمای مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت رێککەوتنێک بکرێت کە دڵنیایی لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بدات و تەواوی ئەو قەرزەی ماوە بە کۆمپانیاکان بدرێنەوە".

 

ئەپیکور داوا دەکات هەر رێککەوتنێک بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان برێتە؛ "رەچاوی شێوازی کاری راوێژکاریی نێودەوڵەتی بکات، بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستە واژۆکراوەکانی کۆمپانیاکان" و دەشڵێت ئەوان بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی کوردستان چەندین شێواز و رێکاری جیاوازیان پێشنیاز کردووە.

 

وەک لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە؛ "پێشنیاز و راسپاردەکان بریتی بوون لە پێشنیازی شێوازی کارکردنی راوێژکاری نێودەوڵەتی، کە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراقی و گرێبەستی کۆمپانیاکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پێشنیازە پەسند نەکراوە".

 

لەبارەی هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەریی کێشەی کۆمپانیاکان، ئەپیکور دەڵێت؛ "هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ رەچاوکردنی بژاردەکان نیشانداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ گفتوگۆیەکی بنەڕەتی لەبارەی ئەو دڵنیاییانە لە پێدانی پارە نەکراوە و هیچ بەرەوپێشچوونێکیش لەوبارەیەوە نەبووە"

 

بە گوتەی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان؛ "حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هاوئاهەنگییەکان بەو ئاراستەیە، سنووردار و بێ ئەنجام بوون. ئەپیکور داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش دەکات".

 

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەپیکور ئاماژە بە چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەریی کێشەکان دەدات و دووپاتیدەکاتەوە؛ "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، چەندینجار پێشنیازیان بۆ ئەو کێشەیە خستووەتەڕوو لەسەر بنەمای یاسایی بوودجەی عێراق و هاوتەریب لەگەل گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت؛ بەڵام لەنەبوونی بەرەوپێشچوونی ئەو پرسە، نیگەران و بەداخین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.