سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوا دووپاتکردەوە و رایگەیاند؛ "پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانج لێی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد بێت".
رۆژی شەممە 26ـی نیسانی 2025 حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە کە تیایدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستووەتە سەر دۆخی کورد لە سووریا و داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ لەو وڵاتە بە گرنگ دەزانێت کە "گەرەنتی سەقامگیری و پێكەوەژیان لە سووریا مسۆگەر بكات".
لە پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی دەڵێت: "گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانى بێبەشبوون و نكۆڵی و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانە، دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەكەمان هاتۆتە ئارا".
سەرۆک مەسعود بارزانی پشتگیری لە بنیاتنانی "سوریایەکی نوێى دیموکراسیی و فرەیی و یەکسان" دەکات کە تیایدا "مافەکانی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە مسۆگەر بکرێت" و ئاسەوار و "کاریگەرییەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت" نەمێنێت.
بەر لە خوێندنەوەی پەیامی سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گوتارێکدا سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد لە سووریا و گوتی ئەم هەوڵانەی سەرۆک بارزانی قەت لە یاد ناکەین.
کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە قامیشلوو بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی نووسینەوەی رەشنووسێکی هاوبەش بۆ داهاتووی کورد لە سووریای نوێ و هاوکات دروستکردنی وەفدی هاوبەشە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوا:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
خوشک و برایانی خۆشەویست
ئامادەبووانی بەڕێز..
زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرینگەدا سڵاوى خۆم بە ئێوەى بەڕێز و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگەیەنم.
ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە بە ئاراستەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی کورد و دەستەبەربوونی دیدێکی یەکگرتوو و هاوبەش لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد کە هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەلی كورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات و هەروەها ببێتە هۆی بەشداریتان لە داڕشتنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت دەستخۆشی لەو هەوڵانەی بەڕێز مەزلووم عەبدی و یەك بە یەكی ئێوەى خۆشەویست بکەم لە ڕێخۆشكردن و ئامادەكاری بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە. هیوادارین هەمووتان لە هەوڵەکانتان بەردەوام بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە نێوان ڕیزەکانى گەلەکەماندا.
ئاشكرایە گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانى بێبەشبوون و نكۆڵی و چەوساندنەوە دەناڵێنێت. ئەمڕۆ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە سووریا و ناوچەکەدا ڕوویان داوە و لە داهاتووشدا ڕوو دەدەن، دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەكەمان هاتۆتە ئارا و ئێوە بەرپرسیاریەتێکى مێژوویى گرانتان لە ئەستۆدایە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و داڕشتنی پرۆژەیەکی هەمەلایەنەى گونجاو کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو و ئازاد و دیموکراسیدا.
لەبەر ڕۆشنایی تەحەددیاتی ئێستاى ناوچەکەمان، گرنگیی خەباتی دیموکراسیی و ئاشتیانە وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان بەدیار دەكەوێت. لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی ئەمڕۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان زۆر لە جاران گرنگترە و ئەنجامی باشتریشی لێ دەكەوێتەوە.
ئێوەى بەڕێز زۆر باش ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییە بەرچاوەکانی شەڕ و توندوتیژی لەسەر گەلی سوریا بوون، کە بووە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و شێوانی شیرازەی ژیان و بەهێزبوونی مەترسیەكانی توندڕۆیی و تایفەگەری و تیرۆر.
هەربۆیە ئێمە پشتگیری لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێى دیموکراسیی و فرەیی و یەکسان دەکەین کە تیایدا مافەکانی گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە مسۆگەر بکرێت و ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت نەمێنێت. هەروەها پشتیوانی لە داڕشتنی دەستوورێک دەكەین کە گەرەنتی ئەم پرەنسیپانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵات مسۆگەر بكات و بپارێزێت، ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ هەموو سوورییەکان، کە گەرەنتی مافە مەدەنی و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو هاووڵاتییان بکات.
بەڕێزان دەمەوێ دووپات بكەمەوە كە یەکگرتوویی کورد و بنیاتنانی پێگەیەکی هاوبەش دەروازەی بنەڕەتییە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە سووریا. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردیی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دمشق، هەنگاوێکی پێویستە بەرەو هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کاریگەرانە لە پڕۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی پتەوکردن و چەسپاندنی پەیوەندیی برایەتی نێوان کورد و هەموو پێكهاتەكانی تری گەلی سوریاى دراوسێمان دەکەینەوە. چەسپاندنی ئاشتی مەدەنی و پشتیوانیکردن لە کولتوری لێبوردەیی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و دڵنیابوون لەوەی داهاتووی سوریا لەسەر بناغەکانی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکتر و هاوڵاتیبوونی یەکسان دادەمەزرێ كە بنچینەى سەرەکین بۆ بنیادنانى وڵاتێکى سەقامگیر و ئارام بۆ هەمووان.
لە کۆتاییدا داواى سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەکەم و هیوادارم دەرئەنجامەکانى ببنە مایەى بەهێزترکردنی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و لە ئاستى ئازار و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورد بێت. پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ هەموو هەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانج لێی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردنبێت بۆ داهاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.
هەر سەركەوتوو بن و بمێنن لە خێر و خۆشیدا..
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.