بڕیارە سبەی هەینی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی ناوی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق بڵاو بكاتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان راهێنەرێكی مەغریبی دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق.
حوسێن عەمووتە راهێنەری یانەی جەزیرەی ئیماڕاتی ئەو كەسە بەفەرمی دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و سبەی ناوەكەی رادەگەیەنرێت.
عەدنان درجال سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق ئێستا لە ئیماڕاتە و لەگەڵ ئەو راهێنەرە مەغریبییە لە گفتوگۆدایە و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند كاتژمیری داهاتوودا رێككەوتن لەنێوان هەردوولا رابگەیەنرێت.
عەدنان درجال ئەمڕۆ لە كاتێكی دیكەدا رایگەیاندبوو كە سبەی هەینی بەفەرمی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق رادەگەیەنرێت.
یەكێتی تۆپی پێی عێراق چەند رۆژێك پێش ئێستا بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی لە یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026، خیسۆس ناڤاسی ئیسپانی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق دوورخستەوە.
هەڵبژاردەی عێراق ئێستا بەكۆكردنەوەی 12 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی كۆمەڵەی دووەمی یارییەكانی پاڵاوتنی كیشوەری ئاسیایە بۆ گەیشتن بە مۆندیال، هەڵبژاردەی ئوردن خاڵێك زیاتری هەیە و لە ریزبەندی دووەمە، لە ریزبەندی یەكەمیش هەڵبژاردەی كۆریای باشوور دێت كە 17 خاڵی هەیە.
یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی كۆریای باشوور دەبێت كە بڕیارە یارییەكە لە رۆژی 5ی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگەی بەسڕە ئەنجام بدرێت، لە رۆژی 10ی مانگیش لەنێو یاریگەی عەمان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاری دەكات.
پێویستە عێراق لە هەردوو یارییەكەدا سەركەوتن بەدەستبێنێ و 6 خاڵی تەواوی دوو یارییەكە بباتەوە بۆ ئەوەی بێتەوە نێو ركابەرییەكان بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ بگاتە مۆندیالی 2026.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.