وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە مەرج و رێنمایی نوێی بۆ هاوردەكردنی گۆشت لە دەرەوەی وڵات دەركرد بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان بەتایبەت تای خوێنبەربوون.
محەمەد خەزاعی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند: كۆمەڵێك مەرج و رێنمایی نوێ دیاریكراون بۆ هاوردەكردنی گۆشت بۆ ناوخۆی عێراق بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە ناوخۆدا دروست بووە.
راشیگەیاند: یەكێك لە مەرجەكان ئەوەیە هەر گۆشتێكی بەستوو كە هاوردە دەكرێت دەبێت بڕوانامەی تەندروستی وڵاتەكەی لەگەڵ بێت و تێیدا ئەوە خرابێتەروو كە هیچ نەخۆشییەكی نییە.
هەروەها رایگەیاند: مەرجێكی تر ئەوەیە كە گۆشت لەو وڵاتانە هاوردە دەكرێت كە پێشتر وەزارەتی كشتوكاڵ سەردانی كردبن و لە نزیكەوە چاویان بە سەربڕخانەكانی ئەوێ كەوتبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق گوتیشی: مەرجێكی دیكە ئەوەیە كە ئەو گۆشتەی هاوردە دەكرێت دەبێت هەمان خەسڵەت و مواسەفاتەكانی گۆشتی عێراقی هەبێت بەتایبەت گۆشتی مانگا و جامووس و مەڕ و بزن.
دەركردنی ئەم مەرج و ڕێنماییە نوێیانە لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 26 كەس تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوون و 4 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.