هەڵمەتی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و لە سەرەتاشدا هەڵمەتەكە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەستی پێ كرد.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین لە ڕێگەی 5 تیمی سەرەکییەوە هەڵمەتی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەستی پێ کرد.
راشیگەیاند: هەڵمەتەکە پێکهاتووە لە شۆردنەوەی مەڕ و بزن و ڕشاندنی هۆڵ و گەوڕەکانی ئاژەڵان بە مادەی دەلتامترین و بەکارهێنانی دەرزی ئیڤرمکتین بۆ ڕەشەوڵاغ بۆ نەهێشتنی گەنە و قڕنە کە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەن.
هەروەها رایگەیاند: لە چوارچێوەی هەڵمەتەكەدا هاووڵاتییان ئاگاداركرانەوە كە سەربڕینی ئاژەڵان بەهەموو شێوەیەك قەدەغە و نایاساییە لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان.
وەزارەتی كشتوكاڵ جەختیشی كردەوە كە ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم ئاژەڵەکانی سنوورەکە شۆردنەوەیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون و گوماناوی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە.
ماوەیەكە حاڵەتەكانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاكانی عێراق زیادی كردووە و بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە سەرەتای 2025 تا ئێستا 19 كەس لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوونە و دوو كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.