تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی لیستی مووچەی مانگی نیسانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد و بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێمیش خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
ڕۆژی سێشەممە 22ی نیسانی 2025، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە 20ی نیسانی 2025، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازار و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی 2024 لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ نێردراوە.
بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.