Erbil 18°C دووشەممە 21 نیسان 07:51

بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجامدرا

کوردستان TV
100%

هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕال لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت كۆبوونەوە و تێیدا پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد.

ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە یەكێك بوو لە ئەندامانی كۆبوونەوەكە، رایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی حکوومەتی هەرێم و عێراق لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کۆبوونەوە".

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، ئومێد سەباح گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کرا، هەروەها هەردوولا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت تاوتوێ کرد".

گوتیشی "هەردوو شاندی حكوومەتی هەرێم و عێراق گوێیان لە بیروڕای کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت گرت سەبارەت بە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان".

دوای نزیكەی دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان، سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگی بە یاسای بودجەی فیدڕالی و دووبارەهەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دا.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها كێشەی نێوان كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراقیشی چارەسەر كرد و سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت كە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێمی كوردستان بڕی 16 دۆلاری ئەمەریكی دیاری كرا.

سەرەڕای رێككەوتنەكان، بەڵام تا ئێستا دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستی پێ نەكردووەتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.