مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی جەژنی هەستانەوەی مەسیح پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە و هەرێمی کوردستان بە لانکەی فرە پێکهاتەیی و نیشتیمانی بەیەکەوەژیان وەسف دەکات.
رۆژی یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی هەستانەوەی مەسیح بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ " پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی (کلدان سریان ئاشوور) دەکەین و، ئومێدەوارین جەژنیان بە خۆشی و ئاسوودەیی بێت".
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت) پیرۆزباییەکی گەرم لە خوشک و برایانی کرستیان لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکەین، ھیوادارین ئەو جەژنە بە ئارامی و بەختەوەری بەسەربەرن.
ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە و بەبێ جیاوازی لانکە و زێدی فرە پێکھاتەکان و نیشتیمانی بەیەکەوەژیان و لێبووردەیی و برایەتی بووە، ئەمەش مایەی شانازی ھەموومانە لە سایەی سەقامگیری و ئاسوودەیی ئەو قەوارە سیاسییە ڕەوایەدا.
بەو بۆنەیەوە جەخت لەسەر پتەوکردنی ئەو فەرھەنگ و کولتوورە دێرینەی فرەڕەنگی دەکەینەوە و ھیوادارین بۆ لەمەودواش زیاتر ھەوڵ بدەین وڵاتەکەمان ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بێت و خۆشگوزەرانی و دەستکەوتی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بێنینە دی.
دووبارە پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی (کلدان سریان ئاشوور) دەکەین و، ئومێدەوارین جەژنیان بە خۆشی و ئاسوودەیی بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.