پێشنیوەڕۆی ئهمڕۆ پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێوەبەر و یاریزانان و ستافی یانەی وەرزشیی دهۆك كرد.
لە دیدارەكهدا كە د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆكیش ئامادە بوو، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی یانەی وەرزشیی دهۆكی كرد و پیرۆزبایی سەركەوتن و بەدەستهێنانی قارەمانێتی جامی كەنداوی لێ كردن و دەستخۆشی لە یاریزانان و ستاف و بەڕێوەبەر و هەموو ئەوانە كرد كە ڕۆڵیان لەو سەركەوتنە مێژووییەدا هەبووە.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی وەرزش و وەرزشوانان لە ژیانی گەلان كرد و ئەوەشی خستەڕوو كە ئێوە دەتوانن لە سیاسەت زیاتر و باشتر دۆزی گەلەكەتان بە جیهان بناسێنن.
سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ یانەی وەرزشیی دهۆك و سەرجەم وەرزشوانانی كوردستان دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی پاڵپشتی و خەمخۆریی سەرۆك بارزانیان كرد و ڕایانگەیاند كە پاڵپشتیەكانی سەرۆك بارزانی ئیرادەی سەركەوتن و ورەی زۆری پێ بەخشیون و ئەو سەركەوتن و جامەی بە دەستیان هێناوە وەك دیاری پێشكەشی سەرۆك بارزانی دەكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.