Erbil 16°C چوارشەممە 16 نیسان 15:44

ئەمەریکا ژمارەی سەربازەکانی لە سووریا کەمدەکاتەوە

100%

بەرپرسێکی ئەمەریکی دەڵێت، پنتاگۆن نیازی هەیە جموجۆڵە سەربازییەکانی لە سووریا کەم بکاتەوە و بەشێک لە سەربازەکانی لەم وڵاتە بکشێنێتەوە.

 

رۆژی چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025 بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکای راگەیاندووە، پنتاگۆن نیازی هەیە ئامادەیی سەربازی لە سووریا کەم بکاتەوە و لە داهاتووشدا ئەو سەربازانەی لە سووریا دەیانهێڵێتەوە، لەناو چەند بنکەیەکدا، کۆیانبکاتەوە.

 

لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە سووریان و بەشی زۆری ئەو هێزانە لە ناوچە کوردستانییەکانی خاکی سووریا جێگیرکراون، بەڵام هێشتا پنتاگۆن بە فەرمی راینەگەیاندووە چەند سەربازی دەکشێنێتەوە و بەرەو کوێیان رادەگوازێت.

 

پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە، بڵاویان کردبوویەوە کە ئەمریکا ئورشەلیمی لەوە ئاگادار کردبوویەوە کە لە ماوەی دوو مانگ دا سەربازەکانی بە چەند قۆناخ لە سووریا دەکشێنێتەوە.

 

ئەو بەرپرسەی ئیسڕائیل بە رۆژنامەی یەدیعوت ئاحارانۆتی راگەیاندبوو؛ "هەرچەند ئەمەریکا نیازی نییە هەموو سەربازەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە واشنتن رازی بکات سەرجەم هێزەکانی لەناو سووریادا بهێڵێتەوە".

 

ساڵی 2015 ئەمەریکا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی داعش هێزی سەربازی رەوانەی سووریا کرد و دوای پاشەکشێکردن بە تیرۆریستان، سەربازەکانی بۆ پاڵپشتیکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە هێشتەوە.

 

دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی خۆیدا هەوڵیدا هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، بەڵام رووبەڕووی دژایەتیی هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریخواز بوویەوە و تەنانەت وەزیری بەرگری ئەمەریکاش وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو بڕیارە، دەستی لە کار کێشایەوە.

 

ئیسرائیل دەیەوێ واشنتن رازی بکات بە مانەوەی هێزەکانی لە سووریا و نیگەرانە لە بەهێزبوونی پێگەی تورکیا و دووبارە چالاکبوونەوەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لەناو خاکی سووریا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.