ئەمشەو یارییەکی مێژوویی لە نێوان دهۆک و قادیسییەی کوێت دەکرێت و پارێزگای هەولێر بە هاوبەشی کوردستان تیڤی بۆ پاڵپشتیکردن لە یانەی دهۆک لە ئیسکان شاشەیەکی گەورە دادەنێن و پارێزگاری هەولێر دەڵێت؛ "ئەمشەو دهۆک لە ئیسکان دەبێت".
رۆژی سێشەممە 15ـی نیسانی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند؛ "ئەمشەو بۆ هاندان و پشتگیریکردنى یانەى دهۆک لە یارى کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، لەلایەن پارێزگاى هەولێر بەهاوبەشى لەگەڵ کوردستان TV شاشەیەکى گەورەى مۆدێرن و سەردەمیانە بۆ گواستنەوەى ڕاستەوخۆى یاریەکە دادەنرێت".
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: شاشەکە لە شەقامى ئیسکان لە بەردەم باخچەى بروسک بۆ لاوان و وەرزش دۆستان دادەنرێت. ئەمشەو یاری کۆتایی نێوان دهۆک و قادسیە لە جامی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو لە یاریگەی دهۆک ئەنجام دەدرێت، لە یاری چوون دا لە کوێت یارییەکە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە یاری چوون دا پەیوەندی بە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد کە بۆ پاڵپشتی یانەی دهۆک چوبوویە یاریگای کوێت و پاڵپشتی خۆی بۆ یانەی دهۆک دووپاتکردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.