ماریۆ بارگاس یۆسا، نووسەر و رۆمان نووسی پیرۆیی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی لە تەمەنی 89 ساڵی کۆچی دوایی کرد، ساڵی 2003، دوای رووخانی رژێمی بەعس سەردانی عێراقی کرد و لە وتارێکدا نووسی، سەرباری نەبوونی ئاسایش و بێ ئاوی و بێ کارەبایی، خەڵک ژیانی دوای رووخانی دیکتاتۆرییان بەلاوە پەسندە.
رۆژی دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، ئالڤارۆ بارگاس یۆسا، کوڕی ماریۆ بارگاس رایگەیاند، درەنگانی شەوی یەکشەممە باوکم لە لیمای پایتەختی پیرۆ، لەکاتێکدا خێزانەکەی هەمووی لە دەوری کۆبووبوونەوە، کۆچی دوایی کرد.
لە راگەیەنراوێکدا بە ناوی بنەماڵەی ئەو نووسەرە هاتووە؛ "تەرمی ماریۆ بارگاس یۆسا، لەسەر خواستی خۆی دەسووتێنرێت و هیچ رێوڕەسم و پرسەیەکی گشتی بۆ ناگیرێت".
ماریۆ بارگاس یەک لە بەناوبانگترینی ئەو نووسەرانە بوو کە بە زمانی ئیسپانیایی دەنووسن و رۆیتەرز بە دوایین پاڵەوانی سەردەمی درەوشانەوەی ئەدەبیاتی ئەمەریکای لاتین ناوی بردووە، سەردەمێک کە نووسەرانی وەکو گابریەل گارسیا مارکێز، خولیۆ کۆرتازار و کارلۆس فۆئێنتس دەدرەوشانەوە.
ماریۆ بارگاس لە ساڵی 1936 لە شاری ئەرکیپای پیرۆ لەدایکبووە و دوای زیاتر لە 50 دەیە نووسین، لە ساڵی 2010 بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی.
ئەو نووسەرە دەیان رۆمان و شانۆنامەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە کە ژمارەیەک لەو بەرهەمانەی بە کوردی وەرگێڕدراون، لە هەموان گرنگتر رۆمانی شەڕی ئاخر زەمانە کە بەهۆیەوە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا و لەلایەن حەمە کەریم عارفەوە وەرگێڕانی بۆ کراوە.
جیاوازی ماریۆ بارگاس یوسا لەگەڵ نووسەرە ناودارەکانی سەردەمی خۆی لە ئەمریکای لاتین، دژبەر و رەخنەگرێکی سەرسەختی بیری سۆسیالیستی بوو و ساڵی 1990 خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پیرۆ بەربژێر کرد و گوتی دەمەوێ وڵاتەکەم لە داڕمانی ئابووری و شۆڕشی سۆسیالیستی رزگار بکەم.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پیرۆدا دەنگی نەهێنایەوە، بەرەو ئیسپانیا کۆچی کرد، بەڵام هەر وەکو یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرانی ئەمریکای لاتین مایەوە و دژایەتییەکی زۆری ئەو چەپە نوێیەی کرد کە بە رێبەرایەتی هۆگۆ چاوز، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ڤەنزوێلا سەری هەڵدابوو.
ماریۆ بارگاس ساڵی 2003 دوای هێرشی هاوپەیمانان و رووخانی رژێمی بەعس، سەردانی عێراقی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ ئەو خەڵکە بدوێت کە لەژێر ستەمی دیکتاتۆریی سەدام حوسێن رزگاریان بووە، دوای گەڕانەوەی کۆمەڵە وتارێک لەبارەی عێراق دەنووسێت.
بارگاس تا بەر لەو سەفەرەی، دژی هێرشی ئەمەریکا بوو بۆ سەر عێراق، بەڵام کاتێک لە نزیکەوە ئەو خەڵکەی بینی کە لەژێر ستەمی رژێمی بەعس رزگاریان بووە بۆچوونی گۆڕا و لە وتارێکدا نووسی، "سەرەڕای نەبوونی ئاو و کارەبا و ئاسایش و هەبوونی تەقینەوە لەم وڵاتە، بەڵام خەڵک ژیانی دوای رووخانی دیکتاتۆرییان بەلاوە پەسندە، تاوەکو ئەو ئاسایشە کارتۆنییەی لەژێر دەسەڵاتدارێکی شێت و حزبێکی کۆنەپەرستدا هەیانبوو".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.