پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت كە بەهۆی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رووناكی و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێرییەوە، ژینگەی شارەكە بەڕێژەیەكی بەرچاو پاكبووەتەوە، جەختیش دەكاتەوە كە بە تەواوبوونی پرۆژەكە ژینگەی هەولێر بەتەواوی پاك دەبێتەوە.
پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوی كردەوە "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆری بە ژینگە داوە، چەندین بڕیاری گرینگ بۆ پاکبوونەوەی ژینگەی هەولێر، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دراوە.
بڵاویشی كردەوە "یەکێک لەوانە بڕیاری پڕۆژەی ڕووناکییە و لە ئێستادا بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەوە لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر، ژینگەی هەولێر بە ڕێژەیەکی بەرچاو پاکبووەتەوە".
جەختیش دەكاتەوە كە بە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی لە تەواوی گەڕەکەکانی هەولێر و هەڵگرتنی مۆلیدەی گەڕەکەکان، یەک لەسەر سێی ژینگەی هەولێر پاک دەبێتەوە.
پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە هاووڵاتییان مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بەپێی بەکارهێنان دیاری دەکرێت و بەشێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی ژینگەی گەڕەک و شارەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.