شارەزایەكی كەشناسی ئاشكرای دەكات، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا كەشێكی زستانە بگەڕێتەوە و بەفر و بارانبارین و سەرما زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزانی كەشناسی دەڵێت "لە سبەینێ دووشەممەوە شەپۆڵێکی تاوەبارانی بەهاری مامناوەند بۆ بەهێز سەرجەم ناوچەكان دەگرێتەوە، سەرەتا درەنگانی ئەمشەو یەکشەممە بە نمەباران لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و مووسڵ دەست پێ دەکات، سبەی دووشەممەش لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ درەنگانی شەو کاریگەری شەپۆڵەکە فراوانتر دەبێت و سەرجەم ناوچەکانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".
راشیگەیاند "چەقی شەپۆڵەکە دەکەوێته سێشەممە و لەو رۆژەدا لە تەواوی ناوچەکان ئەگەری تاوەبارانی مامناوەند بۆ تاوەبارانی بەخۆر و هەورەبروسکە هەیە".
هەروەها رایگەیاند "بە پلە یەک زۆرترین بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی ئاکرێ و دینارتە و بجێل و شیلادزێ و بەردەڕەش و ڕۆڤیا و چڕە و ئیدارەی سۆران و هەولێر و کۆیە و ئیدارەی ڕاپەڕین و هەڵەبجە دەبێت كە پێشبینی دەكرێت لەو ناوچانە لەنێوان 30 بۆ 50 ملم باران ببارێت".
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا "لە ماوەی ئەم شەپۆڵەدا پێشبینی دەكرێت پلەکانی گەرما 7 تا 10 پلەی سیلیزی دابەزێت، هەروەها بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی دهۆک و سۆران و ڕاپەڕین و سلێمانی و هەورامان ئەگەری بەفربارین و تاوەبارانی بەخوڕ هەیە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.