ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.4.10، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا لە پاى ئەرک و ماندووبوون و ڕۆڵی دیار و بەرچاویان لە ڕاپەراندنى کاروبارى و هاوڵاتییان و خزمەتکردنى شارى هەولێر، ڕێزلێنانیان پێشکەش بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر کرد.
لە ڕێورەسمەکەدا، وێڕاى دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان لە ڕاییکردنی مامەڵە و كاروباری هاووڵاتییان، ڕۆڵی گرنگى ئەنجومەنى ناوبراویان لە پەرەپێدان و گەشەسەندنى شارى هەولێر و گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان بەرز نرخاند.
هاوكات جەختیان لە بەرەوپێشبردنی ئیش و كاری دامودەزگەكانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانى دیکە كردەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە پێویستە سەرجەم دامودەزگە خزمەتگوزارییەكان بە باشترین شێوە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتییەکى خۆیان بۆ ئەنجومەنى شارەوانیى هەولێر دووپاتکردەوە.
جێگەى باسە، لە 8ی تشرینی یەکەمی ساڵى 2023، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی شارەوانییەکانی هەولێر وەک یەکەمین ئەنجوومەنى شارەوانى شارەکانی هەرێمی کوردستان کاراکرایەوە و پێکهاتووە لە بەرپرسانی یەکەمی فەرمانگەکانی شاری هەولێر و ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان و سەندکاکان كه نوێنەریان لەو ئەنجوومەنەدا هەیە. ئەو ئەنجوومەنە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە موڵکی گشتیى و کارئاسانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بڕیارى یەکلاییکردنەوەی کێشە و دۆسییەکانی هاووڵاتییان .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.