گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە دەڵێت، لەمەودوا هەر ئاژەڵێک بێتە ناو سنووری شاری هەڵەبجە و لەناو شەقامەکان ببینرێت، ئاژەڵەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی سزای دارایی دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرحان عیزەت گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە ئەمڕۆوە هەر ئاژەڵێکی بەرەڵا بێتە سنووری شاری هەڵەبجە دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەشی سزای دارای دەدرێت، سزاکەش بە پێی جۆری ئاژەڵەکە دیاری دەکرێت، ئەگەر مانگا بێت بڕی 100 هەزار سزای دارایی دەدرێت و ئەگەریش گوێرەکە (گۆلک) بێت بڕی 75 هەزار سزای دارایی دەدرێت.
گوتیشی: هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ئاژەڵانەی داخیلی شاری هەڵەبجە دەبن هەم سیمای شارەکە تێک دەدەن هەمیش مەترسین لەسەر گیانی منداڵانی قۆناغی سەرەتایی، هەروەها هۆکارێکی گەورەی تێکدانی ژینگەی ناوچەکەیە.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم بڕیارە بۆ سوودی گشتی کراوە و دەمانەوێت ئەو شوێنانەی ئاژەڵی لێ بەخێو دەکرێت، کەمێک لەناو شار دوور بکەونەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.