وەزارەتی حەج و عومڕەی سعوودییە ئاگادارییەك بۆ موسڵمانن بڵاو دەكاتەوە و داوایان لێ دەكات خۆیان بە دوور بگرن لەو پرۆپاگەندانەی سەبارەت بە دابینکردنی ڤیزای نافەرمی حەج بڵاو دەكرێنەوە، چونكە ئەمساڵ حەجکردن تەنها لە ڕێگەی فەرمییەوە دەبێت.
وەزارەتەكە رایگەیاندووە: ڤیزای حەج تەنیا لە ڕێگەی شاندی وڵاتانەوە دابین دەکرێت کە ئەویش زیاتر لە 80 وڵات دەگرێتەوە و لە ڕێگەی مینبەری (نسک) کە ڤیزا بۆ 126 وڵات بەردەستە.
هەروەها رایگەیاندووە: داوا لە موسڵمانان دەكەین باوەڕ بەو ریکلام و شتە نافەرمییانە نەکەن کە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا یاخود لە ڕێگەی دیکەوە بڵاو دەكرێنەوە سەبارەت بە بوونی حەجی تایبەت و ڤی ئای پی و نافەرمی.
وەزارەتی حەج و عومڕەی سعوودییە ئاماژە بەوەش دەكات كە سەنتەرێكیان بۆ چاودێریكردنی میوانانی ماڵی خودای گەورە كردۆتەوە، سەنتەرەكەش بە شەو رۆژ بەردەستە و موسڵمانان بۆ هەر پرسیارێكی پڕۆسەی حەج دەتوانن پەیوەندییان پێوە بكەن.
هەر لەبارەی پڕۆسەی حەجەوە، كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە کە هیچ جۆرە حەجێک جگە لە حەجی فەرمی لە کوردستان بوونی نییە.
ئاماژەی بەوەش دا كە هاووڵاتییان بۆ هەر پرسیار و وەرگرتنی زانیارییەك سەبارەت بە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ، دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستانەوە بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.