ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی ململانێ ئابوورییەكانی ئەمەریكا و چین، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە دابەزین كرد و هەر بەرمیلێك بەهاكەی زیاتر 5%ی لەدەست دا، ئەگەر ئەم دابەزینە درێژە بكێشێت، بەدڵنیاییەوە عێراق رووبەڕووی كێشەی بودجەی ساڵانەی دەبێتەوە.
بەهای هەر بەرمیلێكی نەوتی سووكی بەسڕە ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ 56.49 دۆلار دابەزی، واتە هەر بەرمیلێك 3.29 دۆلار و بە ڕێژەی (5.50%) بەهاكەی لەدەست دا، هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی مامناوەندی بەسڕە نرخەكەی بۆ 59.54 دۆلار دابەزی.
ئەمە لەكاتێكدایە كە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لە بودجەی سێ ساڵە (2023 – 2025)ی عێراق بەهاكەی بە 70 دۆلار دیاریكراوە، واتە ئێستا لە بودجەی عێراق هەر بەرمیلێك نەوت 10 تا 13 دۆلار كورتهێنان هەیە.
ئەگەر ئەم دابەزینەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ مانگەكانی داهاتوو درێژە بكێشێت، بەدڵنیاییەوە عێراق تووشی كورتهێنانی بودجە و رووبەڕووی كێشەیەكی گەورە دەبێتەوە.
پسپۆڕانی ئابووری پێیانوایە ئەگەر ئەم دابەزینەی نرخی نەوت بەردەوام بێت، دەبێت عێراق بەخێرایی پێداچوونەوە بە خەرجییەكانی بكات، یاخود بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە پەنا بۆ قەرز ببات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.