سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل داوای بەكارهێنانی بژاردەی سەربازی دژی ئێران كرد ئەگەر گفتوگۆكان لەبارەی رێككەون لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە درێژەی خایاند.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: رێككەوتن لەنێوان ئەمەریكا و ئیسڕائیل كراوە لەسەر ئەوەی كە ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی نەگات.
گوتیشی: ئەگەر ئەم رێككەوتنە نەكرا و گفتوگۆكان درێژەیان كێشا، پێویستە بژاردەی سەربازی دژی ئێران بەكاربهێنرێت.
نەتانیاهۆ نەشی شاردەوە كە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تەنیا بە تەقاندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە بەسەرپەرشتی ئەمەریكا جێگەی قبووڵكردن دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا كە ئیسڕائیل و ئەمەریكا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی نەگات، ئەم ئامانجەش تەنیا بە شێوازی لیبیا دێتەدی (واتە تەقاندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دامەزراوەكان بە سەرپرشتی راستەوخۆی ئەمەریكا).
گوتیشی كە رێگەی دووەم بریتییە لە بەكارهێنانی بژاردەی سەربازی ئەگەر ئێران هەوڵی درێژكردنەوەی گفتوگۆكانی دا.
دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی ئەمەریكا پێشوازی لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل كرد.
لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا، ترەمپ بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: ئاواتەخوازین لەگەڵ ئێران بگەینە رێككەوتنێك سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمی، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی شەممە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەست پێ دەكات.
هەروەها گوتی: بەبێ نێوەندگیری و بەشێوەی راستەوخۆ، گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەین.
ترەمپ هیواشی خواست لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بگەنە رێككەوتن، چونكە گەیشتن بە رێككەوتن باشترە لە پەنابردن بۆ بڕیاری ناپەسندی دیكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.