Erbil 31°C چوارشەممە 10 حوزەیران 22:30

سبەی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەست بە کارەکانی دەکات

کوردستان TV
100%

بڕیارە سبەی بە دروشمی "جیهان بە کوردی دەدوێت"  17ـیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب دەست بە کارەکانی بکات و بۆ ماوەی 10 رۆژ لە پارکی سامی عەبدولرەحمان بەردەوامبێت.

پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر ساڵانە بەڕێوەدەچێت و دامەزراوەی مەدا بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر، بە چاودێری سەرۆک مەسعود بارزانی و بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات.

 

ئەم ساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتانی عەرەبی و جیهانییەوە لە پێشانگاکەدا بەشداریی دەکەن کە بەشێکیان لە وڵاتانی دراوسێ و مەغریبی عەرەبی و وڵاتانی کەنداوەوە هاتوون و بۆ یەکەمجارە بەشداریی ئەم پێشانگایە دەکەن.

 

ناونیشانی ئەمساڵی پێشانگاکە "جیهان بە کوردی دەدوێت"ـە و وەک پێزانینێک بۆ زمانی کوردی و ئەو هەوڵە بەرفراوانەی لە وەرگێڕانی کتێبە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی دەستی پێکردووە، هەروەها وەک پاڵپشتییەک بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لەلایەن گوگڵەوە.

 

هاوکات، بە درێژایی رۆژانی پێشانگاکە چەندین پانێڵ و دیبەیتی رۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمانەوە بە بەشداری رۆشنبیران و شارەزایانی کورد و عەرەب بەڕێوەدەچن، لەگەڵ چەند وۆرکشۆپێک لەسەر دۆخی کتێب و گەشەی پیشەسازی بڵاوکردنەوە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی بڵاوکەرەوە و کتێبخانەکانی عێراق دەبێت.

 

هەر لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگادا بە بەشداری نوسەرانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، گفتوگۆی رۆشنبیری و کولتووری جۆراوجۆر، لەگەڵ چالاکی خوێندنەوەی شیعرو واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان ئەنجام دەدرێت، کە ئەم چالاکییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق دەبن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.