رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماری لە سێدارەدانی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە و تیایدا دەردەکەوێت، "دوو لەسەر سێی ئەو سزایانە لە ئێران جێبەجێکراون" و عێراقیش لە ریزی سێیەمی لیستەکەیە.
رۆژی سێشەممە 8ـی نیسانی 2024 رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "پار هەزار و 518 کەس لە جیهاندا لە سێدارە دراون، دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەش لە ئێران لە سێدارە دراون، بەمەش ئێران لە ریزی هەرە پێشەوەی وڵاتانی جیهانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایە".
ئەو رێکخراوە نیگەرانی خۆی لە بەرزبوونەوەی سزای لە سێدارەدان لە جیهان خستووەتە روو و دەڵێت؛ "ئەمساڵ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بە رێژەی 32٪ زیادی کردووە و لە ساڵی 2015ـەوە هیچ ساڵێک هێندەی 2024 رێژەی لە سێدارەدان ئەوەندە بەرز نەبووە".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە لە ساڵی 2024 972 کەس لە ئێران، 345 کەس لە سعوودیا، 63 کەس لە عێراق، 38 کەس لە یەمەن، 34 کەس لە سۆمالی، 25 کەس لە ئەمەریکا، 13 کەس لە میسر، 9 کەس لە سەنگاپوور و 6 کەس لە کوێت لە سێدارە دراون.
بەو پێیەش ئێران یەکەم، سعوودیا دووهەم و عێراق لە ریزی سێیەمی وڵاتانی جیهان بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان. هەرچەند رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردووە کە چین لە ریزی یەکەمی وڵاتانی جیهانە بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان، بەڵام ئاماژەی بەوەش داوە کە بەهۆی نا شەفافی و رێگەنەدان بە چالاکیی رێکخراوە مرۆییەکان، ئامارێکی روون و بەرچاو نییە بۆ ئەوەی بزانرێت چەند کەس لەم وڵاتەدا لە سێدارە دراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.