پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی باندێكی راگەیاند كە فێڵیان لە چەندین هاووڵاتیی كردبوو و لە ڕێگای حسابی بانکی (FIB)پارەیەكی زۆریان لێ وەرگرتوون.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: باندێکی چەند کەسیمان دەستگیر کرد کەوا هەڵسابوون بە فێڵکردن لە چەندین هاووڵاتی لە ڕێگای دانانی نووسینگەی وەرگرتنی ڤیزا و گەشتوگوزاری وەهمی و ئەکاونتێکی (تیکتۆک)ی وەهمی بەناوەکانی (سۆناس تراڤل) و (ئەترەس تراڤل) لە شاری دهۆک، کە گوایە ڤیزای دەرەوەی وڵات بۆ هاووڵاتییان وەردەگرن.
راشیگەیاند: دوای ئەوەی هاووڵاتییان پەیوەندییان بە باندەكە دەکرد، چەند جارێک ئەو هاووڵاتییانەیان لە نزیکەوە بینیوە و پێکەوە مامەڵەیان کردووە، بەڵگەنامە فەرمییەکانیشیان لێ وەرگرتوون، دوایین جاریش ئەو تۆمەتبارانە داوایان کردووە کەوا پارەکانیان بخەنە سەر حیسابی بانکی (FIB) و پاشان لە ڕێگای ئەو ژمارە بانکییەوە حسابەکانیان سفر دەکردەوە و کۆی پارەکانیان دەخستە سەر حیسابی خۆیان و دواتریش تەلەفۆنەکانیان دادەخست و بەمشێوەیە فێڵیان لە چەندین هاووڵاتی کردووە.
هەروەها رایگەیاند: تۆمەتبارا کە خەڵکی شاری دهۆکن، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەستگیر کران.
پۆلیسی هەولێر جەختیشی كردەوە كە ئەوانەی فێڵی هاوشێوەیان لێ کراوە، دەتوانن بێن داوای یاسایی تۆمار بکەن بۆ ئەوەی مافەکانیان بۆ بگەڕێنینەوە.
داواشی لە هاووڵاتییان كرد كە زیاتر وریابن و دڵنیا ببنەوە لە ڕاستی و دروستی نووسینگەکان، ئەو کات مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.