کەمێک پێش ئێستا لە چیای قەلەڕەشی سیدەکاندا مین بە دوو برا دا تەقییەوە و گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆرانیش دەڵێت، یەک لە براکان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
رۆژی یەکشەممە 6ـی نیسانی 2024، رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تی ڤی راگەیاند؛ "بەیانی ئەمڕۆ دوو برا لە سیدەکان بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای بەهاری چوونەتە چیای قەلەڕەش و مینێکیان پێدا تەقیوەتەوە".
بە گوتەی رەوەند مەغدید؛ دوای رووداوەکە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی سیدەکان و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کراون، دەشڵێت"یەک لە براکان بە ناوی محەمەد هەینی ساڵح دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و براکەی دیکەش بە ناوی سەفوان هەینی ساڵح بە قورسی بریندارە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران دەڵێت، " تەرمی محەممەد هەینی ساڵح رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە و سەفوان هەینییش لە نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران لەژێر چاودێری چڕی پزیشکییە".
ئەم ساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێنج کەس مینیان پێدا تەقیوەتەوە، سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.