بەگوێرەی نوێترین داتاكانی گۆڤاری (فۆربس)، ژمارەی ملیاردێرەكانی ئێستای جیهان 3028 ملیاردێرە، ئیلۆن ماسك گەورە بازرگانی ئەمەریكی لەسەرووی هەموو ملیاردێرەكانی جیهانەوەیە.
داهاتی ئێستای ماسك بریتییە لە 342 ملیار دۆلاری ئەمەریكی و بەم پێیەش لە ریزبەندی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە داهاتی ئەم پیاوە لە ساڵی 2022 بریتی بوو لە 147 ملیار دۆلار، واتە داهاتەكەی لە ماوەی دوو ساڵدا دوو هێندە زیادی كردووە.
دوای ماسك، مارك زۆكربێرگ دامەزرێنەری كۆمپانیای (مێتا) ئێستا دووەم دەوڵمەندترین پیاوی جیهانە و كۆی گشتی داهاتەكەی بریتییە لە 216 ملیار دۆلار.
لە ریزبەندی سێیەم دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان جێف بیزۆس خاوەنی كۆمپانیای (ئەمازۆن) دێت كە داهاتەكەی ئێستا 215 ملیار دۆلارە.
لاری ئیلیسۆن دامەزرێنەر و خاوەنی كۆمپانیای (ئۆراكڵ) لە ریزبەندی چوارەم دەوڵەمەنترین پیاوی جیهان دێت و كۆی گشتی داهاتەكەی بریتییە لە 192 ملیار دۆلا، دوای ئەویش بێرناند ئارنۆ و خاوەنی كۆمپانیای (LVMH) و بڕاندی لووی ڤیتۆن دەوڵەمەنترین پیاوی جیهان دێن كە داهاتەكەیان 178 ملیار دۆلارە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی گۆڤارەكە بڵاوی كردۆتەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ 247 ملیاردێر لە جیهاندا زیادیان كردووە، واتە ژمارەی ملیاردێرەكانی ئێستای جیهان بریتین لە 3028 ملیاردێر.
ئەگەر كۆی گشتی داهاتی ئەو 3028 ملیاردێرەی جیهان هەژمار بكەین، داهاتەكەیان 16.1 تریلیۆن دۆلار دەبێت و ئەم پارەیەش بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیكەی 2 تریلیۆن زیادی كردووە.
بەگوێرەی وڵاتانیش، زۆرترین ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهان لە ئەمەریكان كە ژمارەیان 902 ملیاردێرە، دوای ئەویش وڵاتی چین دێت كە 516 ملیاردێری تێدایە و دواتریش هیندستان دێت كە 205 ملیاردێری تێدایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.