تا دێت ژمیاره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی بوومه‌له‌رزه وێرانكه‌ره‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینی كه میانمار و به‌شێكی تایله‌ندیشی گرته‌وه زیاتر به‌رز ده‌بیته‌وه ، حكوومه‌تی میانماریش له تازه‌ترین ئاماریدا ڕایگه‌یاندووه ، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ هه‌زار و 700 كه‌س و برینداربوونی سێ هه‌زار و 400كه‌سی تر، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه هه‌فته‌یه‌ك له میانمار ماته‌مینی گشتی ڕاگه‌یه‌نراوه .
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه 31-3-2025 حكوومه‌تی میانمار ئاماری فه‌رمی قوربانیانی ڕووداوی بوومه‌رزه وێرانكه‌ره‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینی بڵاوكرده‌وه و ڕایگه‌یاندووه ، به‌هۆی گه‌ڕانی به‌رده‌وامی تیمه فریاگوزارییه‌كان به‌دوای قوربانیان ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ هه‌زار و 700 كه‌س و سێ هه‌زارو 400 كه‌سیش بریندارن و 300 كه‌سیش تا ئێستا بێ سه‌رو شوێنن .
جێی سه‌ره‌نجه دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینی ئاژانسی جیۆلۆجیی ئەمه‌ریکی بڵاویكرده‌وه ، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7.7 پلەی ڕێختەر بووە و به‌هۆی به‌هێزییه‌وه لە بەشێک لە وڵاتانی دەورووبەریش كه هاوسنوورن له‌گه‌ڵ میانمار وه‌كو تایله‌ند هەستی پێکراوه .
هاوكات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تایله‌ند ڕایگه‌یاند ،به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ڕۆژی هه‌ینی كه به‌شێكی تایله‌ندیشی گرته‌وه به‌هۆیه‌وه تا ئیستا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه كه زۆرینه‌یان به‌هۆی تێكچوونی ده‌روونی و جه‌ڵته‌ی دڵ بووه .
ئه‌گه‌رچی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه فڕۆكه‌خانه‌ی میانماریش زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه ،به‌ڵام به ڕێگه‌ی وشكانی گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكارییه مرۆییه‌كان و ته‌ندروستییه‌كان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێی وه‌كو چین و تایله‌ند به‌رده‌وامه و تیمه‌كانی فریاگوزاری سه‌رقاڵی ده‌رهێنانی قوربانیان له‌ژێر باڵه‌خانه و داروپه‌ردووی خانووه ڕووخاوه‌كان .
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یاندراوی فه‌رمی حكوومه‌تی میانمار، پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌رده‌وامه و مه‌زه‌نده ده‌كرێت هێشتان خه‌ڵكی زۆر مابن كه گیانیان له‌ده‌ست داوه و كه‌وتوونه‌ته ژێر خانوو و باڵه‌خانه ڕووخاوه‌كان و ته‌رمه‌كانیان نه‌دۆراوه‌ته‌وه .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.