به گوتنه‌وه‌ی دروشمی (بڕۆنه ده‌ره‌وه له غه‌ززه ، ئێوه‌مان ناوێت ) هه‌زاران هاوڵاتیی غه‌ززه له ئافره‌تان و منداڵ و لاو و پیاوانی به‌ته‌مه‌ن بۆ جاری دووه‌م ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌ربڕی و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسیان به به‌رپرسیار زانی به‌رامبه‌ر ئه‌و كوشتار و وێرانكارییه‌ی كه ڕووبه‌روویان بووه‌ته‌وه .
ئاژانسی هه‌واڵی (ئه‌سۆشیه‌یتید پرێس ) ئه‌مرۆ شه‌ممه 29-3-2025 بڵاویكردووه‌ته‌وه ، خۆپیشاندانی خۆرسكانه‌ی خه‌ڵكی غه‌ززه دژ به سیاسه‌ته‌كانی حه‌ماس به‌رده‌وامه و خۆپیشانده‌ران به گوتنه‌وه‌ی چه‌ندین دروشمی جیاوازی وه‌كو ( بڕۆنه ده‌ره‌وه ، ئێمه ژیانمان ده‌وێت ، بێ هیواتان كردین ) درێژه‌یان به خۆپیشاندانه‌كان دا كه له‌ناویاندا چه‌ندین ئافره‌ت و منداڵ هه‌بوون كه كه‌سوكاریان له جه‌نگی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل له ده‌ست داوه .
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو خۆپیشانده‌ران له‌به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له باشووری كه‌رتی غه‌ززه دروشمی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان به‌رز كرده‌وه دژی حه‌ماس و به‌ڕژدی پێ‌داگر بوون كه ده‌بێت حه‌ماس له كه‌رتی غه‌ززه بچێته ده‌ره‌وه ،چونكه بۆچوونیان وا بوو كه ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌كانی باڵای بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بووه له ڕابردوودا .
له لایه‌كی تر بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس گومانی خۆی له‌به‌رامبه‌ر نیه‌تی خۆپیشانده‌ران خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند ، خه‌ڵكانێكی هه‌ڵپه‌رست و به‌كرێگیراو به فیتی بێگانه‌ی داگیركه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه‌یان ڕێكخستووه و ده‌بێت باجه‌كه‌ی بده‌ن .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.