Erbil 15°C دووشەممە 31 ئازار 05:55

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی و ئابووری روونكردنەوەیەك لەبارەی لێدوانی پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو دەكاتەوە كە گوتبووی بۆ هەڵمەتی كوتانی سوورێژە زیاتر لە ملیارێك دینار لە حكوومەتی فیدڕالییەوە هاتووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پارەكە خەرج نەكراوە.

وەزارەتی دارایی لە روونكردنەوەكەدا رایگەیاند "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بەناوی (وەزیرە ئەحمەد سورچی) بابەتێکی لەسەر خەرجکردنی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژەی تێکەڵاو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە بە بڕی ملیارێك و 75 ملیۆن و 926 هەزار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە بۆ هەرێم خەرج کراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە".

راشیگەیاند "هەر چەندە پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی پێویستمان داوە، بەڵام لەپێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان و بەلاڕێدا نەبردنی ڕای گشتی، بە پێویستمانزانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕوو:-

1-  ئاماژە بەنووسراوی ژمارە (190677) کە لە ( 2024/10/8 ) لە فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو (المناقلە) بەبڕی (٩،٠٩٠،٧٦٥،٠٠٠) نۆ ملیار و نەوەد ملیۆن و حەوت سەد و شەست و پێنج هەزار دینار لەنێوان (موازنة ألأبواب) ( ٤٠/٩/٥ ) لە فەرمانگەی بودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لە سەرتاسەری عێراق.

2-  پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە (١،٠٧٨،٢٩٤،٠٠٠) یەک ملیار و حەفتا و هەشت ملیۆن و دوو سەد و نەوەت و چوار هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە ( پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتوچۆ و خەرجی هاتوچۆ).

3-  پێویستە ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی بەئاگا بێنەوە كە تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویلکردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، دوای بەدواداچوونی بەردەوامی تیمی تەکنیکیمان لە بەغدا، لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە ئەو پارەیە لەسەر بودجەی ساڵی 2025 خەرج دەکرێت.

4-  وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە كە لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە، ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی تەندروستی تا بەسەر تیمەکان دابەش بکرێت.

وەزارەتی دارایی جەختیشی كردەوە كە "بەبیر ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی دەهێنینەوە لە بری درۆی شاخدار و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، باشتر بوو بەشێوەیەکی پیشەییانە بەدواداچوونیان بۆ دۆسییەکە بكردایە و لەگەڵ نوێنەرانی تری کورد لە بەغدا فشاریان بۆ خەرجکردنی ئەو شایستانە بکردایە کە ماوەیەکی زۆرە دواکەتووە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.