جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی كردەوە كە سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بەیەك دەنگ بڕیاریانداوە تا دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یەكلایی نەبێتەوە، بەشداریی هیچ دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق ناكەن.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمشەو چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: پرسی هەڵەبجە هی سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانە و هەموولایەك هەوڵی بۆ داوە و كاری هەموولایەك بەرز دەنرخێنین، ئێستاش هێناومانەتە قۆناغێكی زۆر باش و وەك سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستوومانەتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە.
گوتیشی: ئەمڕۆ بەشداریكردنی لایەنە سیاسییەكان مەوقیفی سیاسییە، هەڵەبجە نابێت هیچ پڕۆژەیەكی دیكەی لەگەڵ دابنرێت، ئەگەر خەڵكیش بیانووی هەیە كە پڕۆژەی حەشدی شەعبی لەگەڵ هەڵەبجە دانراوە بۆیە داخلی دانیشتنی پەرلەمان نابن، بەدڵنیاییەوە لە دانیشتنەكانی داهاتوو هەڵەبجە بە تەنیا دادەنێین لە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و هیچ دانیشتنێكی پەرلەمان ناكرێ ئەگەر هەڵەبجە برگەی یەكەم نەبێت و هیچ پڕۆژەیەكی دیكەی لەگەڵ دانانرێت.
هەروەها گوتی: بەهیچ شێوەیەك یاسای حەشدی شەعبی نەكراوەتە مەرج بۆ دەنگدان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، چونكە حەشدی شەعبی دەنگدانی لەسەر ناكرێت و بگرە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان لەسەر یاساكە ناكۆكن بوونەتە دوو بەشەوە.
جەختیشی كردەوە كە فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بەیەك دەنگ بەڵێنیان داوە تا پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی لەسەر نەدرێت و یەكلایی نەبێتەوە، بەشداریی هیچ دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق ناكەن.
بڕیاربوو شەوی رابردوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا و بۆ ئەمشەو چوارشەممە دواخرا.
ئەمشەویش هەر بەهۆی كێشەی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، پێشبینی دەكرێت پڕۆسەی دەنگدان بە پڕۆژەیاساكە دوابخرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.