بەگویرەی لێكۆڵینەوەیەك فرۆشی ئۆتۆمبێلی كارەبایی تێسلای ئەمەریكی كە ئیلۆن ماسك خاوەندارێتی دەكات، لە ئەوروپا بۆ نیوە كەمی كردووە.
لێكۆڵینەوەكە لەلایەن كۆمەڵەی دروستكارانی ئۆتۆمبێل (ACEA) ئەنجامدراوە و دەركەوتووە، لە دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵ رێژەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تێسلا بەشێوەیكی گشتی لە كیشوەری ئەوروپا بە ڕێژەی 49% دابەزیوە، بەشێوەیەك كە لە هەردوو مانگەكەدا 19 هەزار و 46 ئۆتۆمبێل فرۆشراون.
هۆكاری دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێلەكە بۆ ناوبانگی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئیلۆن ماسك گەڕێنراوەتەوە، هەرچەندە لە رۆژانی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پشتگیری لە فرۆشی ئۆتۆمبێلەكە كردبوو.
جەختیش لەوە كراوەتەوە كە ئێستا كۆمپانیا جیهانییە ركابەرەكانی تێسلا چەندان جۆر ئۆتۆمبێلی كارەبایی باش و كەم نرخیان خستۆتە بازاڕەوە، بێگومان ئەمەش هۆكارە بۆ دابەزینی فرۆشی ئۆتۆمبێلی تێسلا.
ئاماژە بەوەشدراوە كە زۆرترین ئۆتۆمبێلی كارەبایی تێسلا لە ماوەی دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەلجیكا، هۆڵەندا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا فرۆشراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.