سوپای ئیسڕائیل ئەمشەو سێشەممە كوشتنی بەرپرسی باڵای سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە یەكەی بەدر سەر بە حزبوڵا لە باشووری لوبنان راگەیاند.
سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆكە جەنگییەكانمان بۆردومانی ناوچەیەكیان لە شاری نەبتییە لە باشووری لوبنان كرد.
راشیگەیاند: لە بۆردومانەكەدا توانرا حەسەن عەباس عیزەدین بەرپرسی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە یەكەی بەدر سەر بە رێكخراوی حزبوڵا بكوژرێت.
سوپای ئیسڕائیل هەروەها رایگەیاند: حەسەن عەباس یەكێك بوو لەو بەرپرسانەی حزبوڵا كە لە ماوەی رابردوودا هەوڵی دابوو دووبارە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی رێك بخاتەوە دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانەوە خاپوور كرابوون.
چەند رۆژێك پێش ئێستا سوپای ئیسڕائیل بەهەمانشێوە كوشتنی بەرپرسێكی باڵای دیكەی حزبوڵای راگەیاندبوو كە ئەویش محەمەد مەهدی عەلی شاهین بوو كە سەرپەرشتیاری كڕین و دابینكردنی چەك و پێداویستییە سەربازییەكانی دەكرد بۆ حزبوڵا.
ئەڤیغای ئەدرەعی گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل سەبارەت بە كوشتنی ئەو بەرپرس و فەرماندانەی حزبوڵا ئاماژەی بەوەدابوو كە بەهۆی مەترسی راستەوخۆیە لەسەر دەوڵەت و هاووڵاتییانی ئیسڕائیل، هەروها مەترسیی گەورەشن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتن و ئاگربەست لەنێوان ئیسڕائیل و لوبنان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.