بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ دووشەممە بەفەرمی راگرتنی پڕۆسەی ئازادكردنی بارمتە ئیسڕائیلییەكانی بۆ كاتێكی نادیار راگەیاند، دەشڵێت ئیسڕائیل پابەندی رێككەوتن و ئاگربەست نەبووە.
گوتەبێژی كەتیبەی قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: پڕۆسەی ئازادكردنی بارمتە ئیسڕائیلییەكان رادەگرین و رۆژی شەممەی داهاتوو هیچ بارمتەیەكی دیكە ئازاد ناكەین.
راشیگەیاند: ئێمە پابەندی سەرجەم خاڵەكانی رێككەوتنی ئاگربەست بووینە، بەڵام ئیسڕائیل پابەندی رێككەوتنەكان نەبووە.
كەتیبەی قەسام چەند رۆژێكە رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئیسڕائیل دەگرێت بەوەی كە رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان دەگرێت بۆ غەززە.
گوتەبێژی قەسام ئاماژە بەوە دەكات كە ماوەی سێ هەفتەیە چاودێری دۆخەكە دەكەن و بۆیان روون بووەتەوە ئیسڕائیل پابەندی رێككەوتنەكان نابێت و تەقە لە ئاوارەكان دەكات و مووشەكبارانیان دەكات بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان لە غەززە.
لە چوارچێوەی رێككەوتنەكاندا تا ئێستا 33 بارمتەی ئیسڕائیلی لەلایەن بزووتنەوەی حەماس ئازادكراون و 73 بارمتەی دیكە ماون، لەبەرامبەریشدا ئیسڕائیل 1900 دەستگیركراوی فەڵەستینی ئازادكردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.