فیراس سدیق به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكوومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند، لە سبەینێ سێشمه‌وه 11-2-2025 هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی له‌ماوه‌ی رابردوودا عێراق بە بیانووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هاوردەکردنی مریشکی لە هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد بوو .
به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، رۆژی چواری ئەم مانگە شاندێکی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی عێراق هاتن بۆ هەولێر و خۆیان چوونە پەلەوەرخانەکان و سامپڵیان لە پەلەوەرەکان وەرگرت بۆ دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستبوونی مریشکەکانی كوردستان .
فیراس سه‌دیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشكراشی كردووه ، ئەمڕۆ دووشه‌مه پشکنینەکانمان لە بەغدا بۆ گەڕایەوە کە پاک و بێ کێشە بوون، هه‌ر بۆیه سبەی سێشه‌ممه هەناردەکردنی بەرهەمه پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوه كه كاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر داهات و زیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆیی ده‌بێت .
به پێی زانیاری و داتای وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ، ساڵانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی ناوخۆ ده‌مێنێته‌وه هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت .
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە .
عێراقیش ساڵانە پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشک هه‌یه، بەڵام بەرهەمی ناوخۆی 350 هەزار تۆنە و نزیکەی 650 تۆنی لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.