دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریان دا لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن لە 10 پارێزگا دابخەن بەهۆی پێشبینی هاتنی سەرمایەكی بەتین و بەفربارینێكی زۆر و كەمبوونەوەی سووتەمەنی لە تەواوی ئێران.
لە چەند رۆژی رابردوودا سەرمایەكی بەتین رووی لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی باكوری ئێران كردووە و بەفرێكی زۆر باریوە، ئەمە بووەتە هۆكاری ئەوەی سووتەمەنی و وزەیەكی زۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەكاربنهێنرێت.
ئاژانسی دەنگوباسی ئێران (ئیرنا) بڵاوی كردەوە: لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن لە 10 پارێزگای ناوچەكانی لورستانی رۆژئاوا و سمنان و گەیلانی باكور دادەخرێن.
هەر بەهۆی هاتنی شەپۆڵی سەرما و بەفربارینی زۆرەوە، دوێنێ شەممە دامودەزگاكانی حكوومەت لە تاران و 20 پارێزگای دیكە داخرابوون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەستەی كەشناسی، تەنیا شەوی رابردوو لە تاران زیاتر لە 30 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەهۆیەوە كێشە بۆ هاتوچۆ لەسەر شەقامەكانی پایتەختی ئێران دروست بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.