Erbil 8°C سێشەممە 04 شوبات 19:32

فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە رادەگەیەنێت

100%

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە پاڵپشت بە پێناسی دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت.

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و بەردەستخستنی سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە، کە پشتبەستووە بە پێناسی دیجیتاڵی، ڕادەگەیەنێت، ئەم سیسیتەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی پڕۆسەیەکی سەردەمیانە بۆ ڕێکخستنی خشتە و کاروباری مووچە لە دامودەزگاکانی حکوومەت.

ئامانجی ئەم سیستەمە ڕێکخستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی خشتەکانی مووچەیە بە شێوەیەکی سەرانسەری لە کەرتی گشتیدا لە ڕووی کارایی و وردی و ڕوونییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردنی مووچە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت.

سەبارەت بە گرنگیی ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیژییە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا: "ڕاگەیاندنی سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بە پێناسی دیجیتاڵی، دەتوانین ژێرخانێکی بەهێز ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کەرتی گشتی کاراتر، ڕوونتر و پارێزراوتر بێت."

سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی حکوومەتە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان و لە داتاسەنتەری ناوەندیی حکوومەتی هەرێم، کە لەسەر ستانداردی T3ی جیهانی دامەزراوە، جێگیر کراوە تاوەکو گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەباشترین شێوە و بەپارێزراویی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی سیستەمەکە بگات.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە بریتییە لە دروستکردنی تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی مووچە، بەمەبەستی باشترکردنی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە.

سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە لەسەر دەستی لاوانی لێهاتوو و پیشەیی کوردستانەوە لەلایەن فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیارییەوە داڕێژراوە، کە پابەندبوونمان بە جێبەجێکردنی ستراتیژیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دووپات دەکاتەوە.

بۆ دڵنیابوونەوە لە توانا و ئامادەیی بەکارهێنەران لە کارپێکردنی سیستەمەکە، هەزاران کارمەندی دامودەزگا جیاوازەکانی حکوومەت ڕاهێنراون و ئامادە کراون بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە نوێیە کە ئەمەش پرۆسەی گۆڕانکاری و گواستنەوە بۆ قۆناغی نوێ ئاسانتر دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی سیستەمەکە بەردەستە و کاری پێدەکرێت، فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن و شیکارکردنی داتاکانی ئەم سیستەمە بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی پتەو و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی زیاتر، وەکو پۆرتاڵی خزمەتکردنی خودیی مووچەخۆران و ئامڕازەکانی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی کار و چالاکی کە بە شێوازێکی ئاسان دەکرێت لەگەڵ ئەم سیستەمەدا تێهەڵکێش بکرێن.

ئەم بەرەوپێشچوونانە هۆکارێکن بۆ بەسەردەمیکردنی زیاتری کاروبارەکانی حکوومەت و باشترکردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتیان.
هەروەها بە سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری پابەندە بە ئەرکەکانی لە پێناو بەدیهێنانی حکوومەتێکی شەفاف و کارامە کە تێیدا گرنگی تەواو بە هاووڵاتییان بدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.