Erbil 8°C سێشەممە 04 شوبات 19:39

فڕۆكەخانەی هەولێر روونكردنەوەیەك سەبارەت بە سكاڵای گەشتیارێكی عێراقی بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر روونكردنەوەیەك سەبارەت بە گەشتیارێكی عێراقی بڵاو دەكاتەوە كە سكاڵای كردبوو كارمەندانی فڕۆكەخانەكە هەڵسوكەوتی ناشیرینیان بەرامبەر كردووە.

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایدەگەیەنێت "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تیایدا گەشتیارێکی عێراقی کە هەڵگری پاسەپۆرتی فیلەندییە بەناوی (علی عبدالرياض) سکاڵای هەیە لەسەر هەڵسوکەوتی کارمەندی نشینگە و پاسەپۆرتی فڕۆکەخانە، گوایە بەشێوازێکی ناشرین هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە، بەگوتەی خۆی بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕاگیراوە".

راشیگەیاند "لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە دەرکەوت کە ئەم گەشتیارە وتەکانی بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستی".

هەروەها رایگەیاند "ئەمەی ڕاستی بابەتەکەیە: ئەم گەشتیارە لە ڕێکەوتی 31/1/2025 لە کاتژمێر 01:30ی شەو دەگاتە بەردەم کارمەندی نشینگە و پاسەپۆرت، دوای ئەوەی گەشتیارەکە پاسەپۆرتی خۆی کە پاسەپۆرتی فیلەندییە پێشکەشی کارمەندی پاسەپۆرت دەکات، کارمەندەکە هەڵدەستێت بە ئەرکی خۆی، دەردەکەوێت کەوا مۆری دەروازەیەکی وشکانی نێوان پارێزگای بەسڕە و وڵاتی کوێت ناڕوونە، بۆیە دەبێتە جێگای گومان، دوای (7) خولەک وردبینی، بەناچاری ڕەوانەی ژووری ئەفسەری ئێشکگری دەکات هەروەکو لە کامێرای چاودێری وردەکاری پڕۆسەکە دیارە".

ئاماژە بەوەشدراوە "لە کاتژمێر 01:37 ناوبراو دەگاتە ژووری ئەفسەری ئێشکگر، بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەری کێشەکە، بۆ ماوەی (13) خولەک لە ژووری ئەفسەرەکە دەمێنێتەوە، لە کاتژمێر 01:50 ڕێگای پێ ده‌درێت گەشت بکات، لە کاتژمێر 01:58 ناوبراو بەشێوەیەکی ئاسایی و به ‌ڕێزه‌وه‌ گەشتەکەی ئەنجام دەدات، ئەمە ڕاستی و دروستی بابەتەکەیە هەروەک ئەوەی لە تۆماری کامێرای چاودێری دەرکەوتووە".

فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر جەختیشی كردەوە كە ئەوان وەك فڕۆكەخانە ئەم چەواشەکارییانە ڕەت دەکەنەوە کە مەبەست لێی لەکەدارکردن و ناوزڕاندنی فڕۆکەخانەیە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.