Erbil 8°C سێشەممە 04 شوبات 19:53

وەزارەتی دارایی زانیاریی لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و وادەی دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ئەمشەو دووشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕالی بڵاو كردەوە، لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە "چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا مووچەی مانگی یەك بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، بە گەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانە:-

دوای 15 ڕۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.

هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە 3ی شوباتی 2025، لەبینای ئەنجو,مەنی ئابووری عێراق بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوچوو، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوانبوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێكکەوتن.

لەلایەکی ترەوە شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2025ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنی تەمویلەکە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە تەواوی کۆبوونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەپێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لە کاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.