ئەمڕۆ دووشەممە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە تیمێکی ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) كرد، بە سەرپەرشتيى یۆکۆ فوجیمورا بەرپرسى نووسینگەى ڕێکخراوەکە لە هەرێمى كوردستان.
لە دیدارێکدا باس لە هەوڵە بەردەوامەکانى حکوومەتى هەرێم کرا بۆ پابەندبوون بە بنەماکانى مافى مرۆڤ بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتييەکان و ئەو ڕاسپاردانەى ئاراستەی هەرێم کراون، بۆ بەرەوپێشبردنى ڕەوتى مافەکانى مرۆڤ لە گشت بوارەکان لە هەرێمى كوردستان.
بەرپرسى نووسینگەى ڕێکخراوى كۆچى نێودهوڵهتى هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێمى بەرز نرخاند لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانى پەیوەست بە مافەکانى مرۆڤ، لە چوارچێوەى پلانى حکوومەتى هەرێم بۆ مافەکانى مرۆڤ بە تایبەتی پاراستنی مافى ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکان و لە دەرەوەى کەمپەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی کۆچى نێودەوڵەتى کردەوە لەم ساڵدا کە کۆتا ساڵى جێبەجێکردنى پلانى حکوومەتى هەرێمە بۆ مافەکانى مرۆڤ بە تایبەت لە بوارى مافى گەنجان و خاوەنپێداویستيى تایبەت.
هەردوولا ڕێککەوتن لە داهاتوودا بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوەکە کار بکرێت بۆ کۆکردنەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگهى مەدەنى، نووسینگەى دیپلۆمات و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر سێ دەسەڵاتی هەرێم بە مەبەستى دەرخستنى ڕێکارى نوێى پەیوەست بە هەردوو بوارەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.