سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی کەنیسە و ناوەندە ئایینییەکانی مەسیحی لە بەریتانیا و نەرویج کۆبووەوە کە لە ژمارەیەک سەرۆکی ئەسقەفییە و قەشەی کەنیسە و کەسایەتیی ئایینیی مەسیحی پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا فەوزی هەریری سەرۆکی دیوان لە ژیانی پێکەوەییی ئایینی و فرەییی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان دوا و ڕوانگە و هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە ئاراستەی قووڵترکردنەوە گیانی ئاشتی و تەبایی و بەهێزکردنی بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان ڕوونکردەوە.
لای خۆیانەوە شاندی میوان وێڕای بە نموونەیی وەسفکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئازادیی ئایینی، فرەییی نەتەوەیی و پاراستنی مافی پێکهاتەکانەوە، جەختیان لە گرنگیی پەیوەندی و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، باس لە هەماهەنگی بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی هاوبەش کرا، لەمبارەیەوە پشتیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکارییەک دووپات کرایەوە.
سەردانی شاندی هاوبەشی کەنیسەکانی بەریتانیا و نەرویج بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ستیفانۆس)ـە کە ناوەندێکی نێودەوڵەتییە و لە بواری ئازادیی ئایینیدا کار دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.