بزووتنەوەی حزبوڵای لوبنانی وادەی بەخاكسپاردنی هەردوو ئەمینداری پێشووی حەسەن نەسڕوڵا و هاشم سەفیەدینی دیاری كرد كە بەر لە پێنج مانگ لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە هاتبوونە كوشتن.
نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵا رایگەیاند: رۆژی 23ی ئەم مانگە بە ڕێوڕەسمێك هەردوو ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵا بەخاك دەسپێردرێن كە ئەوانیش پێكهاتوون لە حەسەن نەسڕوڵا و هاشم سەفیەدین.
حەسەن نەسڕوڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵا لە رۆژی 27ی ئەیلوولی پارساڵ لە بۆردومانێكی سوپای ئیسڕائیل لە بەیرووت هاتە كوشتن، بەهۆكاری كێشەی ئەمنی نەسڕوڵا بە نهێنی و بەشێوەیەكی كاتی لە شوێنێكی نادیار بەخاكسپێردرا.
دوای كوژرانی حەسەن نەسڕوڵا، لەلایەن حزبوڵاوە هاشم سەفیەدین بە ئەمینداری گشتیی هەڵبژێردرا، دوو رۆژ بەرلەوەی بەفەرمی ببێتە ئەمینداری گشتی، لە سەرەتای تشرینی یەكەمی پارساڵ ئەویش بەهەمانشێوە لە بۆردومانێكی سوپای ئیسڕائیل كوژرا.
لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەدا كە بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، حەسەن نەسڕوڵا لە باشووری بەیرووت بە خاك دەسپێردرێ، هەروەها هاشم سەفیەدین لە شوێنی لەدایكبوونی لە باشووری لوبنان بەخاك دەسپێردرێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.