ڕۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025، لە شاری بەغداد بەسەرپەرشتی دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بەسەرۆکایەتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لەڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادە بوون، لەکەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولاوە لە سەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون.
شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەو پێشچوونەکانی پڕۆژەی هەژماری من کراو بەداتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو ، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی 274 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە تا هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری.
31ی کانونی دووەمی 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.