سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەگەڵ شا عەبدوڵڵای ئوردن قسەی کردووە سەبارەت بە پلانێک بۆ دروستکردنی خانووبەرە و گواستنەوەی زیاتر لە ملیۆنێک فەلەستینی لە کەرتی غەززە بۆ وڵاتانی تر. هەروەها گوتی ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر ئەم بابەتە تاوتوێ دەکات.
سەرۆک ترامپ لە فڕۆکەکەدا بۆ پەیامنێران قسەی کرد و غەززەی بە "ئاژاوە و شوێنێکی وێران" وەسف کرد و گوتی حەز دەکات وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە شوێنێک بۆ پەنابەرانی فەلەستینی دابین بکەن.
پێشتر ئوردن و میسر پێشنیارێکی لەو شێوەیەیان ڕەتکردۆتەوە.
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا پێشنیارەکە کاتییە یان درێژخایەن، ترەمپ وەڵامی دایەوە: "لەوانەیە هەردووکیان بێت."
گروپەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی فریاگوزاریش چەند مانگێکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە بارودۆخی غەززە چونکە شەڕ نزیکەی تەواوی دانیشتوانی ناوچەکەی ئاوارە کردووە و قەیرانی برسێتی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها ڕەخنەی لە واشنتن گیراوە بەوەی پشتگیری ئیسرائیل دەکات، بەڵام بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و دەڵێت یارمەتی ئیسرائیل دەدات بەرگری لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکات وەک حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن.
ترەمپ کە لە 20 ی کانوونی دووەم دەستبەکار بوو، لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شا عەبدوڵڵا گوتی "پێم گوت حەز دەکەم پەنابەرانی فەلەستینی زیاتر وەربگریت، چونکە کاتێک سەیری کەرتی غەززە دەکەم، زۆر خراپە، زۆر خراپە. حەز دەکەم خەڵک قبوڵ بکات."
ترەمپ گوتیشی "دەمەوێت میسر خەڵک قبوڵ بکات."
ترەمپ گوتی "غەززە ناوچەیەکی وێرانکراوە، نزیکەی هەموو شتێک وێران بووە و خەڵک لەوێ دەمرن، بۆیە پێم باشترە لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی کار بکەم و خانوو لە شوێنێکی تر دروست بکەم کە بتوانن بۆ یەکجار بە ئاشتی بژین."
ژمارەی دانیشتوانی فەلەستینییەکان لە غەززە پێش دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بە 2.3 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.