ڕاگەیاندراوێک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی چالاکییە کولتوورییەکانی، بۆ لەمەودوا و ساڵانە، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆڵ و نەخش و خەبات و هزر و بەرهەمداریی زانا و نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی بەنێوبانگی کورد (هەژار موکریانی)، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەی یەکڕۆژیدا (دیداری هەژار موکریانی) ساز دەکات.
ئەم دیدارە، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی کۆچی دواییی (هەژار موکریانی) و (ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک)، لە 22ی شوباتی 2025 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
(دیداری یەکەمی هەژار موکریانی) تایبەت دەبێت بە زمانی کوردی و هەوڵ دەدات پرسی زمان بکاتە پرسی هەموو کوردەواری و لە ڕێگەی چەند پانێڵێکی جیاوازەوە ئەم پرسە هەستیار و ژیانی و ژیارییە بخاتە نێو گەنگەشەوە.
( دیداری هەژار موکریانی)، کە بە بەشداریی میوانانی هەر چوارپارچەی کوردستان و تاراوگە ڕەنگدارتر و بەرهەمدارتر دەبێت، کۆمەڵێک بڕگەی کولتووری و ئەدەبی و هونەریی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە گرنگترینیان (خەڵاتی هەژار موکریانی)یە، کە بۆ ئەمساڵ، لە ڕێی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە دەبەخشرێتە کەسایەتییەکی کورد، کە خزمەتێکی زۆری بەزمانی شیرینی کوردی کردبێت.
ماوەتەوە بڵێین، سەرجەم بڕگە و بابەتەکانی دیدارەکە لە پەرتوکێکدا کۆ و چاپ دەکرێن و، لە دیداری ساڵی دواتر، وەک دیاری پێشکەشی میوانانی هێژا و ئەندامانی ئازیزی دیدار دەکرێت.
بۆ هەر ڕا و سەرنج و پێشنیارێک، دەتوانن پێوەندی بەم ژمارە و ئیمێڵەوە بکەن:
07504467372
07504458232
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
23ـی کانوونی دووەمی 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.