ئەمڕۆ هەینی هێرش كرایە سەر خاڵێكی پاسەوانانی سنوور لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و لە ئەنجامدا دوو لە پاسەوانەكان شەهیدبوون و یەكێكی دیكەش بریندار بووە.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە زاخۆ پێی راگەیاندین: ئەمڕۆ هەینی لە گوندی شیلانێ سەر بە شارۆچكەی باتیفا، هێرشی چەكداری كرایە سەر خاڵێكی پاسەوانانی سنوور.
راشیگەیاند: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان هێرشەكە لەلایەن چەكدارانی پەكەكە ئەنجامدراوە.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا كە لە ئەنجامی هێرشەكە دوو لە پاسەوانانی سنوور شەهیدبوونە و یەكێكی دیكەش بە سەختی بریندار بووە.
ئەو دوو كەسەی شەهیدبوونە بریتین لە: عەلی رەمەزان ئیسماعیل تەمەن 40 ساڵ خەڵكی شارۆچكەی سێمێل، مێهڤان ناجی میر شەرەف تەمەن 41 ساڵ خەڵكی پارێزگای دهۆك.
ئەو كەسەشی بریندار بووە ناوی بێوار جەمیل ئیبراهیم تەمەن 39 ساڵە و رەوانەی نەخۆشخانە كراوە و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.