نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشینتۆن بەشدار دەبێت لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا كە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممەی داهاتوو بە كاتی ئەمەریكا لە كەنیسەی سەینت جۆن لە واشینتۆن و كۆشكی سپی بەڕێوەدەچێت.
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشینتۆن رایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین تریفە عەزیز نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکات، وەک 47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
راشیگەیاند "حکوومەتی هەرێم بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێیە لە نزیکەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا کار بکات بۆ بەهێزکردنی پتری هاوبەشی هەمیشەیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان"
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە واشنتۆن هەروەها رایگەیاند "پێکەوە دەتوانیین بەردەوام بین لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەمان و دەرەوەی ناوچەکەش".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.