گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا سەبارەت بە پێشوازییەكەی سەرۆك بارزانی لە مەزڵووم عەبدی لە شاری هەولێر رایگەیاند، ئەمە زۆر زیاترە لە تەنیا وێنەیەك.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
مایڵز كاگینز گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا لەبارەی كۆبوونەوەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند "دیدارێكی گرینگ لەنێوان سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات".
راشیگەیاند "ئەمە زۆر زیاترە لە تەنیا وێنەیەك، زۆرینەی كوردانی سووریا هەمیشە داوای دروستكردنی پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و دیمەشق هەبوو".
لە دیدارەكەی دوێنێی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی، بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
جەخت لەوەش کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.
بەر لە هاتنی مەزڵووم عەبدی بۆ هەولێر، رۆژی دووشەممەی رابردوو د. حەمید دەربەندی نوێنەری سەرۆك بارزانی سەردانی پارێزگای حەسەكە و شاری قامیشلۆی لە سووریا كردبوو.
نوێنەری سەرۆك بارزانی لە پارێزگای حەسەكە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات كۆببووەوە، دواتریش لە شاری قامیشلۆ لەگەڵ سەركردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) كۆ ببووەوە.
لە كۆبوونەوەكاندا د. حەمید دەربەندی پەیامی سەرۆك بارزانی گەیاندبوو كە یەكڕیزی ماڵی كورد و ڕووبەڕووبوونەوەی كێشە و ئالەنگارییەكانی ئێستای سووریایە.
لای خۆشیانەوە هەسەدە و ئەنەكەسە سوپاسی پشتیوانییەكانی سەرۆك بارزانییان كردبوو و جەختیان لەوە كردبووەوە كە قۆناغی ئێستای سووریا پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەكانی كوردستان هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە سووریا.
Significant meeting between General @MazloumAbdi and H.E. @masoud_barzani. This is more than a mere photo op. The majority of Kurds in Syria have always sought normal relations with Damascus and neighboring countries. #Syria #Kurdistan #Basûr #Rojava #Iraq https://t.co/7fx6Zz0uoz pic.twitter.com/cgkCrprA6Z
— Myles Caggins III (@MylesCaggins) January 16, 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.