Erbil 10°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 22:08

سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر كۆبوونەوە

100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆك بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كردووە و هەردوولا دوایین پرس و گۆڕانكارییەكانی سووریایان تاوتوێ كرد.

هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردەوە "ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە هەولێر كۆبووەتەوە".

بڵاویشی كردەوە "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەستکەوتێکی گرینگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام".

ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژی دووشەممەی رابردوو د. حەمید دەربەندی نوێنەری سەرۆك بارزانی سەردانی پارێزگای حەسەكە و شاری قامیشلۆی لە سووریا كردبوو.

نوێنەری سەرۆك بارزانی لە پارێزگای حەسەكە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات كۆببووەوە، دواتریش لە شاری قامیشلۆ لەگەڵ سەركردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) كۆ ببووەوە.

لە كۆبوونەوەكاندا د. حەمید دەربەندی پەیامی سەرۆك بارزانی گەیاندبوو كە یەكڕیزی ماڵی كورد و ڕووبەڕووبوونەوەی كێشە و ئالەنگارییەكانی ئێستای سووریایە.

لای خۆشیانەوە هەسەدە و ئەنەكەسە سوپاسی پشتیوانییەكانی سەرۆك بارزانییان كردبوو و جەختیان لەوە كردبووەوە كە قۆناغی ئێستای سووریا پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەكانی كوردستان هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە سووریا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.