Erbil 4°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 02:50

سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی کەنەدا پەیوەندییەکانی هه‌ولێر و به‌غدا و بارودۆخی سیاسیی و ناوچەکە و سووریایان تاوتوێكرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەکات
100%


ڕۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کریستۆفەر بیم باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی بەبایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبێت لە فراوانترکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە. هەروەها باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2024 لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە کەشێکی ئارام و بە ڕێژەیەکی زۆری بەشداریی خەڵک بەڕێوەچوو و بە پڕۆسەیەکی نموونەیی وەسف کرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی حکوومەتی کەنەدای کرد کە لە شەڕی داعشدا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی داوە و جەختیشی لە فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.

پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و  بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی ناوچەکە و سووریا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەری تری ئەم کۆبوونەوەیە بوون و پەیوەست بە بارودۆخی سووریا و چارەنووسی گەلی کورد لەو وڵاتە، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مێژووی ئەو نەهامەتی و بێبەشبوونەدا کە لە سووریا بەسەر گەلی کورددا هاتووە و بۆ ئەوەی کارەسات و نەهامەتییەکان لەدژی گەلی کورد دووبارە نەبنەوە، جەختی لە پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی سووریا کردەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.